khanay-farmuda
هل تريد التفاعل مع هذه المساهمة؟ كل ما عليك هو إنشاء حساب جديد ببضع خطوات أو تسجيل الدخول للمتابعة.

اذهب الى الأسفل
avatar
Admin
المساهمات : 61
تاريخ التسجيل : 22/04/2022
معاينة صفحة البيانات الشخصي للعضوhttps://khanay-farmuda.ahlamontada.com

كورتەیەک لە ژیاننامەی حافیزو گەورە ئەولیای ئوممەتی ئیسلام شێخ بدر الدینی حەسەنی (خودا نهێنی پیرۆز بکات). Empty كورتەیەک لە ژیاننامەی حافیزو گەورە ئەولیای ئوممەتی ئیسلام شێخ بدر الدینی حەسەنی (خودا نهێنی پیرۆز بکات).

الخميس مايو 12, 2022 4:48 am
كورتەیەک لە ژیاننامەی حافیزو گەورە ئەولیای ئوممەتی ئیسلام شێخ بدر الدینی حەسەنی (خودا نهێنی پیرۆز بکات). Fb_img13


كورتەیەک لە ژیاننامەی حافیزو گەورە ئەولیای ئوممەتی ئیسلام شێخ بدر الدینی حەسەنی (خودا نهێنی پیرۆز بکات).

نوسینی: باوکی غەزالی مەلا ڕەزوان
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
ناوی بەڕێزیان

محمد بدر الدینی كوڕی یوسفی کوڕی بدر الدینی کوڕی عبد الرحمانی کوی عبد الوهابی کوڕی عبد اللە کوڕی عبد الملکی کوڕی عبد الغنی حەسەنی مەغریبی مەڕاکیشی سیبتیە لە نەوەی شێخ جەزوولیە، ڕەحمەتی خوا لە هەموویان بێ.

شێخ بدر الدینی حەسەنی لە دیمەشق لە ساڵی ۱۲٦۷ کۆچی بەرامبەر ۱٨٥۰ زاینی لە دایکبووە، شوێنی لە دایکبوونەکەی هەر لە ماڵەکەی خۆی بووە کە بەتەنیشت دارولحەدیسی ئەشڕەفیەوە بوو، کە شوێنی خۆی و زانا فەرموودەناسەکان بووە، ئەم زاتە موبارەکە لە دایک و باوکێکی خاوەن تەقواو دونیا نەویست لە دایکبووە.

دایکی ناوی عائیشەی کچی خوا لێخۆشبوو ئیبڕاهیمی کۆزبەری یاخود گۆزبەریە، کە ڕەچەڵەکی ئەگەڕێتەوە بۆ یەکێ لە خانەوادە ناودارەکانی دیمەشق کە بە ئالی کۆزبەرە، خانەوادەیەکن مەشهورن بە زانست و فەزڵ و چاکی و نەژادەوە بە تایبەتی لە زانستی فەرموودەی پیرۆزەوە کە سەرۆکایەتی ئەو زانستە دراوەتە پال ئەوان، جا ئەم دایکە دیندارە زۆر گرینگی بە ڕۆڵەکەی خۆی ئەدا، هەربۆیەش تەسلیمی شێخەکانی سەردەمی خۆی کرد بۆ فێربوونی زانست و ئەدەب، ئەم دایکە بەجۆرێک ئەم جگەر گۆشەیەی پەروەردە کرد بەدەست نوێژەوە نەبایە شیری نە ئەدا بە منداڵەکەی، وە لە مانگی ڕەمەزانانیشدا بە ڕۆژ شیری پێ نەئەدا، ئەم دایکە دیندارە پێغەمبەری خوای صلی اللە علیە وسلم لە خەوا بینی کەوا پێغەمبەری خوا صلی اللە علیە وسلم دەنکە خورمایەکی لە دەمی شێخ بدر الدین کرد، کە لە خەو هەڵسا بینی وا خورماکە لەناو دەمیەتی و ئەیخوا.

وە سەبارەت بە باوکیشی ئەوە زانایەکی عەللامەی گەورە بووە، کە مەشهورە بە ئیمام شێخ یوسفی کوڕی عەللامەی شێخ بدر الدینی مەڕاکیشی سیبتی حەسەنی، مەزهەبی مالیکی بووە، وە لە دیمەشقیش وەفاتی کردووە، نەژادی ئەگەڕێتەوە بۆ وەلی گەورەی خوایی شێخ عبد العزیزی تیباع کە مامۆستای وەلی گەورەی خوایی شێخ جەزولی بووە، وە ئەو شێخ عبد العزیزەش نەژادی ئەگەڕێتەوە بۆ حەزرەتی حەسەنی سیبطی کوڕی ئیمامی عەلی (سەلامی خوایان لەسەر بێ)، سەبارەت بە شێخ یوسفی باوکی شێخ بدر الدین لە مەڕاکیشەوە کۆچی کرد بۆ میصرو چووە کۆلێژی ئەزهەرو زانستی لە عەللامەی شێخ حەسەن عەططارو عەللامەی صاوی و فوضالی و ئەمیری گچکەو شێخ فتح اللە غەیری ئەمانەش وەرگرت، وە هاوڕێکانیشی کە پێکەوەبوون لە داواکردنی زانست عەللامەی ئەشمەونی و باجوری و غەیری ئەوانەش بوون لە زانا بەرزەکان، وە لە لایەن شێخ و موحەددیسی گەورە عبد الرحمانی کۆزبەری دیمەشقیەوە ئیجازەپێدراوە، کە نزیکەی سەد دانراوی لە هەموو بوارەکان داناوە بەتایبەتی لە ئەدەب.

شێخ بدر الدین لە لای باوکی پێگەیی و قوڕئانی پیرۆزی لەبەر کردو فێری نوسین بوو لە تەمەنی حەوت ساڵی، پاشان بنەڕەتی زانستەکانی خوێند، وە کاتێکیش باوکی وەفاتی کرد تەمەنی بەڕێزیان دوانزە ساڵان بوو، دوای ئەوە لە ژووری باوکی لە دارولحەدیسی ئەشڕەفیە دانیشت و کتێبی ئەخوێندەوەو مەتنی زانستەکانی لەبەر ئەکرد کە نزیکەی بیست هەزار دێڕ شیعری مەتنی لەبەر کرد، وە هەروەها صەحیحی بوخاری و موسلیم بە سەنەدەکانیانەوە وە لەگەڵ موطأ ئیمامی مالیک و موسنەدی ئەحمەدو سونەنی ترمذی و ئەبو داودو نەسائی و ئیبن و ماجەو ناوی پیاوەکانی فەرموودەو قسەو باس لەبارەیانەوە لەڕووی جەڕح و تەعدیلەوە، وەهەتا ساڵی وەفاتکردنەکانیشی لەبەر کردبوو هەمووی بەجوانی و ڕێک و پێک ئەگوتنەوە لە کاتی وانەکان و پرسیارەکاندا.

کتێبەکانی

زرکلی ئەو کتێبانەی داوەتە پاڵی
(شەڕحی بوخاری، وە شەڕحی شەمائیل، وە شەڕحی شیفا، وە شەڕحی بەيقونيە لە موصطەلەحی فەرموودە، وە کۆمەڵێک پەڕاوێزی هەیە لە کتێبەکانی نەحوو ، وە شەڕحی موغنی لەبيب، وە شەڕحی لاميەی ئەفعال، وە شەڕحی سولــلەم لە مەنطق.

وە حەمزاویش دوای ئەوەی گەڕانێکی دوورو درێژی کردووە بە دوای شتەکانی شێخ بدر الدین لە دەرەنجام چاوی بە دوانزە ڕیسالە کەوتووە لەوەی کە ماویەتی لە فەرموودەو تەفسیر.

ڕۆژی جومعان چی ئەکر؟

لە ڕۆژی جومعان لە مزگەوتی بەنی ئومەییە لە دوای نوێژەوە دائەنیشت تا نوێژی عەسر بۆ ڕوونکردنەوەی یەک فەرموودە ئەمەش بەبێ ئەوەی سەیری کتێب بکات و هەرچی زانیاری لەبارەی ئەو فەرموودەوە هەبوو لەڕووی جەڕح و تەعدیلی پیاوەکانی سەنەدی ئەو فەرموودەیە وە لەگەڵ ئەحکامە فیقهی و ئوسوڵیەکان ئەو فەرموودەیە هەبوو گشتی بەیان ئەکرد، وە هەر لەو مزگەوتەدا نەحوو صەڕف و بەلاغەو مەنطق و فیقهو غەیری ئەمانەی بە قوتابیەکان ئەگوت، وە تەفسیری بەیزاویشی لە سینگی بە بەلەبەر ئەخوێندەوە بەبێ ئەوەی کتێبەکەی هەڵبگرێ و سەیری بکات، جا کاتێ هەستی بە ئازاری دەروونی زاناکان کرد بەهۆی هەندێ قەلەقیانەوە لەوەی کەوا خەڵکی ڕوویان لە وانەکانی شێخ بدر الدین کردووە ئەوەبوو ۱۰ ساڵان خۆی کەنارگیر کرد لە ژوورەکەی خۆی لە قوتابخانەی دارولحەدیسی ئەشڕەفیە، دەرچەیەک هەبوو لە نێوان ماڵەکەیی و ژووری قوتابخانەکەی ئیتر ۱۰ ساڵان دەرنەچوو تەنیا لەو دەرچەیەوە ئەچووە ماڵەکەی خۆی ئەهاتەوە ژووری قوتابخانەکەی، لەو ماوەیەدا خۆی پڕژاندە سەر خوێندنەوەی کتێب و حیفز بە تایبەتی خۆی تەرخان کرد زیاتر بۆ زانستی فەرموودە تا وای لێ هات بووە حوججەو بەڵگەو سەرچاوەی زانست بۆ خەڵکی عەوام و تایبەت.

شەوان دائەنیشت بۆ خوێندنەوە، جا هەرکاتێ خەو زۆری پێ بهێنایە دەستی لەژێر سەری دائەناو دەستەکەشی لەسەر سەرین دائەنا، نزیکەی دوو یاخود سێ کاژێر خەوی لێ ئەکەوت پاشان هەڵئەستایەوەوە لە ڕۆژیشدا کاژێرێک ئەخەوت، بەردەوام ئەیخوێندەوە تەنیا لە کاتی خەوتن یاخود نوێژ یاخود وانە یاخود لە ڕێگای مزگەوتەوە بۆ ماڵەوە نەبێ، چونکە هەرگیز وازی لە کتێب نەهێناوە، هیچ شتێکی دونیای بە قەد هێندەی کتێب لە لا خوشەویستر نەبووە، هەر کتێبێکی ببیستایە ئەوە ئەیکڕی ئەگەرچی لە دوورترین شوێنی وڵاتی هیندیش بایە، وە دەستنووسی ئەکڕی ئەگەر بەکێشی ئاڵتوونیش بایە، وازی لە کتێبیش نە ئەهێنا هەتا ئەیخوێندەوەو لە زیهنی زانیاریەکانی ئەپاراست.

مامۆستا محمد موباڕەک لە بارەی شێخ بدر الدینەوە ئەفەرمووێ: زۆرینەی ساڵەکانی بەڕۆژوو ئەبوو، زۆر کەم قسەی ئەکرد ئیللا زانست یاخود زیکر نەبێ، وە نەیئەهێشت خەڵکی لەبەریەوە هەڵبستن و دەستی ماچ بکەن، وە کەسێک ئەمەی بکردایە تووڕە ئەبوو، وە لە وانەکانی بەئاشکرا باسی فەڕزبوونی جیهادی ئەکرد بۆ دەرکردنی کافرە داگیرکەرەکان (چونکە سوریا داگیرکرابوو ئەوکاتە لەلایەن فەڕەنساوە)، وە پەیوەندیەکی چاکی لەگەڵ موجاهیدەکان هەبوو بۆ تۆڵە سەندنەوە لە فەڕەنسا لە سوریە.

ڕۆژێکیان شێخ بدر الدین بە ڕێگاوە ئەڕۆیشت کە عادەتی وابوو کاتێ بە ڕێگا بڕۆیشتایە هەردوو دەستەکانی لەناو باخەڵەکانی دائەنا نەوەکا کەسێک دەستی ماچ بکات، ئەوەبوو پیاوێک بەدەم ڕێگاوە کەوتە بەرامبەر شێخ و پێی گوت: سوێند بەخوا من تۆم خۆش دەوێ، ئەویش فەرمووی، سوێند بەخوا منیش تۆم خۆش دەوێ، جا کاتێ پیاوەکە لەلای شێخ ڕۆیشت کەسێک بە جەنابی شێخی فەرموو: یا شێخ ئەو پیاوە جوولەکە بوو، ئەویش فەرمووی: کێ ناڵێ ئەو پیاوە بەر لەمردن خودا هیدایەتی ئەدات، وە کێ ئەڵێ ئێمە لەسەر ئەو ئیمانە ئەمێنینەوە.

ڕۆژێکیان جولەکەیەک بڕیاری لە سێدارەدانی بۆ درا لە لایەن حکومەتی فەڕەنساوە، ئەوەبوو کەس و کاری جولەکەکەش هانایان بردە لای شێخ ئەویش چوو شەفاعەتی بۆ بکات لەلای ئەو پاشایەی کە بەرپرسی ئەو حوکمی لەسێدارەدانە بوو، پاشا گوتی: مادام شێخ بدر الدین هاتووە ئەوە لەبەر خاتری ئەو حوکمی لە سێدارەدانمان بۆ کێ دەرکردووە ئەوە ڕەفزمان کردەوەو عەفومان کردن.

جەژنێکیان شێخ بدر الدینی حەسەنی بە شێخێکی عەمامە لەسەرو عەبا لەبەری هاوەڵی گوت: ئەی فڵان ئەو پارەیە بگرەو بڕۆ فڵانە مەلها، ئەویش گوتی: یا شێخ تۆ چی دەڵێی من بەو عەمامەو ڕیش و کەواو سەڵتەمەوە بچمە لای ئەو لەشفرۆشانە؟، ئەویش فەرمووی: بەڵێ بڕۆ پارەکەیان بدێ پێیان بڵێ شێخ بدر الدین سەلامتان لێ ئەکات و داوای دوعای خێرتان لێ ئەکات، پیاوی بەستەزمانیش ناچار بەدڵێکی غەمبار ڕێگای ماڵی لەشفرۆشەکانی گرتەبەرو گەیشتە بەر دەرگاو لە دەرگای دا، ئافرەتێک هاتە دەرەوە، پیاوەکە گوتی: سەلام علیکم، ئافرەتەکەش گوتی: وعلیکم السلام، فەرموو یا شیخ چیت دەوێ؟ ئەویش بەشەرمەوە گوتی: خوشکم ئەو پارەیە بگرە ئەوە شێخ بدر الدین بۆ ئێوەی ناردووە، ئافرەتەکە حەپەسا چۆن شێخ بدر الدین پارەی بۆ ئافرەتانێکی لەشفرۆش ناردووە، گوتی بۆ ئێمەی ناردووە؟ ئەویش گوتی: بەڵێ، وە شێخ بدر الدین سەلامتان لێ ئەکات و داواتان لێ ئەکات دوعای خێری بۆ بکەن، ئافرەتەکەو ئافرەتەکانی تر کە گوێیان لەو شتە بوو گشتی دایانە پڕمەی گریان و دەستبەجێ تەوبەیان کردو وازیان لەو کارە هێنا.

(ئەڵێن ڕۆژێکیان شێخ بدر الدین حەزی بەزیارەتی ماڵی خوداو سەروەرمان ئەبێ بەڵام قەرزیشی لەسەرە، بۆیە سەرەتا ناچێتە سەفەر بەوانەی دەوروبەری ئەڵێ کەوا لەگەڵی ئەچن بۆ ئەو سەفەرە کەوا قەرزارەو قەرزەکەشی بە قیستە سەرەتا ئەبێ پرس بەخاوەن قەرزەکە بکەم کەوا ئیزنم ئەدا بچم بۆ ئەو سەفەرە، چونکە خانوویەکی بەقیست لێی کڕی بوو، هاوەڵەکانیشی گوتیان یا شێخ خۆ قەرزەکەت بە قیستە، چی تێدانیە ئەگەر پرس بەخاوەن قەرزەکەش نەکەی، ئەویش گوتی نەخێر دروست نیه، وەڵحاصڵ چووە لای خاوەن قەرزەکەو پێی گوت کەوا بەنیازی ماڵی خودایە ئایا ئیزنی ئەدات یاننا؟ ئەویش گوتی: یا شێخ کەس نا تۆ، تۆ کەسێکی ئاواو ئاوای، ئیزنم دای، ئێ خۆ شێخ بدر الدین ئەیتوانی بچێت بۆ سەفەرەکەو لە دەروونی خۆیدا بڵێ تۆ شێخ بدر الدینی و زانای گەورەی ئەو وڵاتەو شێخی ئەو خەڵکەی، وە پیاوەکەش عەفوت ئەکات، کەچی ڕێگەی بەنەفسی خۆی نەداوە ئەو شتە بێتە نێو دەروونیەوەو حەقی شەڕعی لەسەر خۆی جێ بەجێ کردووە، جا دوای ئەوەی کەوا پیاوەکە ئیزنی دا بچێتە سەفەر لە ڕێگا شێخ بدر الدینی نوێژەکانی کۆ نە ئەکردەوە، ئەوانەی کە لەگەڵی بوون گوتیان: یا شێخ ئەدی نوێژ کورت کردنەوە ڕوخسەت نیە؟ ئەویش فەرمووی: بەڵێ، ئەوان گوتیان: ئەدی خۆ لە هەشتا کیلۆمەتر زیاترە؟ ئەویش فەرمووی: ڕاست دەکەی هەشتا کیلۆمەتر زیاترە، بەڵام من مەزهەبم شافیعیەو لە مەزهەبی شافیعیدا نوێژ کورتکردنەوە بۆ سەفەری تاوانباری دروست نیە، منیش خۆم بە تاوانبار ئەزانم بەرامبەر بەخودا چونکە قەرزی ئەو پیاوەم لەسەرە).

(پیاوی خوا بەو جۆرە دین لەسەر خۆی جێ بەجێ دەکات، ئەم زاتە هەرگیز پێش نوێژی نەکردووە بۆ خەڵکی، لەسەفەرێکیان پێیان گوت: یاشێخ پێشنوێژیمان بۆ بکە، ئەویش فەرمووی: وا نابینم شایستە بم کە پێشنوێژی بۆ خەڵک بکەم. بۆ پێشنوێژی بۆ خەڵک نەکردووە چونکە هەموو خەڵکی لە خۆی پێ باشتر بووە، زاناکانی ئەم سەردەمە کە دەچنە ناو خەڵک وادەزانن شتێکی زۆر موهیم بەڕێوەیەو هاتۆتە ناو خەڵک، ئیتر دەبێ سەرە مەجلیسی بدرێتێ و نانێکی چاکیشی لەبەردەم دابنرێ و قسەو کەلام و سەر مەجلیس و پێشنوێژی و ئەمن ئەمنی لە دەروونی بەدخوازی بۆ بڕازێندرێتەوە. پەنا بەخوا، کاتی خۆی کە فەقێ بووم بە فەقێکانم ئەگوت: ئەگەر هەموو ئاواتتان ئەوەیە زوو ئیجازە وەربگرن و ژنێک بهێنن و سارەیەک بکڕن و گوندێک وەربگرن و سەرە مەجلیس وەربگرن ئەوە ناتوانن گۆڕانکاری لە کۆمەڵگا بکەن و بەرووبوومتان نابێ، ئیتر لەوەوە ڕەزام گرانببوو چونکە بەندە لە دیوی دڵی ڕەهبەرەوە گوفتارم لەگەڵ ئەو فەقێیانە ئەکرد بەڵام ئەوان لە من تێنەدەگەیشتن، بۆیە ئەگەر بمانەوێ گۆڕانکاری بکەین ئەبێ دینی خوا لەسەر خۆمان جێ بەجێ بکەین وەکوو شێخ بدر الدین ئینجا لەسەر خەڵک). وتەی وەرگێڕە

وەفاتی

لە ڕۆژی هەینی ۲۷ڕەبیعی یەکەمی ساڵی ۱۳٥٤کۆچی بەرامبەر ۱۹۳٥زاینی لە دیمەشق وەفاتی کرد، لە گۆڕستانی (بابی صەغیر) نێژرا، زۆر بەڕێزەوە تەرمی بەڕێزیان بە پەڕۆیەکی سپی بەسيط داپۆشتبوو چونکە وا وەسیەتی کردبوو، لە مزگەوتی ئومەوی لە کاژێر چوارو نیو نوێژی لەسەر کرا، وە لە جارێک زیاتر نوێژی لەسەر کرا، پاشان وەسیەتەکەی خوێندرایەوە، وە لەبەر ئاپۆڕەی خەڵک کاژێر حەوتی ئێوارە گەیشتە گۆڕستان، ئەوەی ماوە لە قوتابی و ئیجازەپێدراوەکان لەلایەن شێخ بدر الدینەوە، کۆمەڵە شێخێکی تەمەن درێژن لەوانە: شێخ محمد سلیم حومامی مەیدانی، وە شێخ محمد فواد طه، وە لە هەموان بەناوبانگتر شێخ مەککی کەتتانی، وە عبد الکریم ڕیفاعی، وە محمد صاڵح فەڕفوڕ، وە محمد حەسەن حەبەنکە، وە محمد سعید بوڕهانی، وە شێخ محمود شەقەفەی حومەوی، وە شێخ عبد الحکیم کەفتاڕو، وە شێخ عەلی طەنطاوی و هەزارانی تر.

هەزار ڕەحمەت لە گۆڕت بێ هەتا ئەو سەردەمەی ئێمە کە ساڵی ۲۰۲۰ زاینیە پیاوی وەک تۆ لە عیلم و حاڵ نەهاتووە. واللە اعلم.
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
سەرچاوەکان:

1- ينظر : ترجمة الشيخ بدر الدين في : الأعلام للزركلي 7/158.
دار العلم للملايين – بيروت ، ط12، 1997م.
رجال من التاريخ : للشيخ علي الطنطاوي، ص381، وما بعده.دار النمارة، جدة، ط 8، وذكريات علي الطنطاوي : 7/75-76، وعلماء ومفكرون عرفتهم : للشيخ محمد المجذوب، ج1، 239.دار الاعتصام، القاهرة، ط3.

2- حيلة البشر في تاريخ القرن الثالث عشر : للشيخ عبد الرزاق البيطار، نقلاً عن الأعلام : للزركلي ، هامش ص158.

3- تتمة الأعلام، محمد خير رمضان يوسف، 2/138، دار ابن حزم، بيروت ، ط1، 1418هـ - 1998م.

4- الشرق الأوسط في : 20/3/1420هـ - 1999م.

5ـ ویکیبیدیا موسوعة الحرة ــ الشيخ بدر الدین الحسني.
الرجوع الى أعلى الصفحة
صلاحيات هذا المنتدى:
لاتستطيع الرد على المواضيع في هذا المنتدى